پرسیاری زۆر دووبارە

ئەگەر پزیشکی چاو پێی گوتون کە چاوەکانت ئاوی سپیان هەیە، ئەوا چارەسەری ئەم نەخۆشیە بریتییە لە دەرهێنانی ئەو ئاوە سپییە پاشان چاندنی هاوێنە (عدسة)یەکی دەستکرد لە ناو چاوت تاکو هەمان ئیشی ئەو هاوێنە سروشتییە بکات کە توشی ئاوی سپی بووە. جگە لەم چارەسەرە تاکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی دیکەی جێگرەوە نییە بە تایبەتی هیچ قەترە یان دەرمانێک ئاوی سپی لانابات. نەشتەرگەری ئاوی سپی پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە دیوە لە چاو جاران. ئێستا بەبێ تەقەڵ بە ئامێری فاکۆ (تیشکی سەروودەنگ) ئاوە سپیەکە شل دەکرێتەوە و لە کونێکی بچوکەوە هەڵدەمژرێتە دەرەوە و هەر لەو کونە بچوکەشەوە هاوێنەیەکی نوشتاوە دەنێردرێتە ناو چاو. لە ناو چاو هاوێنە نووشتاوەکە دەکرێتەوە و شێوەی ئاسایی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە. بەمشێوەیە کونە بچووکەکە پێویستی بە تەقەڵ و دوورینەوە نییە!

وەڵامەکە: نەخێر، تەنها نەشتەرگەری چارەی ئاوی سپی دەکات بەڵام نەشتەرگەری ئێستا زۆر خێرا و ئاسان و کاریگەر بووە!




>هۆکاری کزی بینین بۆ نموونە نزیکبینی یان دووربینی یان ئەستیکماتیزم لە زۆربەی بارەکاندا بریتییە لە شێوە و قەبارەی تۆپی چاو و پێکهاتەکانی بۆ نموونە درێژی چاو لە پێشەوەیڕا بەرەو پشتەوە. چاویلکە و ئامرازەکانی دیکەی ڕاستکردنەوەی بینین بۆ نموونە هاوێنەی پێوەنووساو (عدسة) و لەیزەری چاو دەبنە هۆی ڕوونکردنەوەی ئەو وێنەیەی کە بە هۆی یەکێک لە جۆرەکانی کزی بینین ناڕوون بووە.

بەڵام چاویلکە ناتوانێت شێوە و قەبارەی چاومان بگۆڕێت هەروەک لەدەستکردنی دەستکێش (پەنجەوانە) ناتوانێت قەبارەی دەستمان بگۆڕێت.

بۆیە لەچاوکردنی چاویلکە نابێتە هۆی چاککردنەوەی حاڵەتی دووربینی و نزیکبینی و ئەستیکماتیزم بەڵام دەبێتە هۆی پێدانەوەی دونیایەکی ڕوون و وێنەیەکی دیار بە چاوەکانمان. ئەو وێنە ڕوونە بە تایبەتی لە منداڵاندا زۆر گرنگە بۆ گەشەی بینین بە تایبەتی تیژی بینین و لێک جیاکردنەوەی ڕەنگەکان؛ ئەگەر منداڵ لە بینینێکی ڕوون بێبەش بێت ئەو چاوەکانی تەمبەڵبین دەبن لە دواییدا. لە گەورانیشدا ئەگەر بینین لێڵ بێت ئەوا زۆر کاری سادە زەحمەت و تەنانەت مەترسیدار دەبن بۆ نموونە هاژوشتنی ئۆتۆمبێل و مرۆڤ بێبەش دەبێت لە زۆر کاری پێویستە و خۆشی ژیان.

لە کاتی گەشەی منداڵ و پاشان لە کاتی گۆڕانکاری فسیۆلۆژی و تەمەن شێوە و قەبارەی تۆپی چاو و پێکهاتەکانی دەگۆڕێن؛ ئەوەش وادەکات نمرەی چاویلکەکەشت بگۆڕێت. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک سەردانی پسپۆڕی چاو و بینین بکەیت تاکو ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە بیت و بەگوێرەیان و بە گوێرەی پێویستی چاویلکەکانت بگۆڕێت

کەواتە وەڵام: نەخێر، چاویلکە کزی بینینت چاکناکاتەوە بەڵکو تەنها وێنە ناڕوونەکە ڕوون دەکاتەوە کە ئەوەش سوودێکی مەزنە بە تایبەتی لە منداڵان کە بۆ گەشتەی هەستی بینین پێویستیان بە دیتنێکی تیژە.




پزیشکی منداڵان دەتوانێت وەک بەشێک لە پشکنینی گشتی منداڵەکەت پشکنینی چاویشی بۆ بکات. ئەگەر هەر گومانێک بکات لە هەبوونی نالەباریەک ئەوا منداڵەکەت ڕەوانەی پزیشکی چاو دەکات. ئەگەر منداڵی کۆرپە لە نەخۆشخانە لە دایکبوو، وا باشە پشکنینی بینینیشی بۆ بکرێت وەک بەشێک لە پشکنینەکانی دەرچوون لە نەخۆشخانە. پێویستە هەموو فەرمانەکانی بینین بپشکنرێت (خوارنەبوونی چاوەکان و نەبوونی خێلی و لەرزەک و هتد) لە لایەن پزیشکی منداڵان یان پزیشکی خێزانی لە کاتی پشکنینی ئاسایی تەندروستی منداڵ.

ئەگەر گومانت هەبوو منداڵەکەت بینینی باش نیە – یان تەمبەڵبینی هەیە (تەمبەڵبینی بریتیە لە کزی چاوێک کە بە ڕواڵەت ئاسایی دیارە)، یان هەڵەی شکانەوەیی (نزیکبینی یان دووربینی) یان خێلی (خواری چاوێک یان هەردووچاو بە لایەکدا) هەیە، یان نەخۆشیەکی بۆماوەییتان هەیە کە کاریگەری لەسەر چاو هەیە، پێویستە بە زووترین کات پزیشکی پسپۆڕی چاو ببینن. ئێستا تەکنۆلۆژیای نوێ پشکنینی چاوی شیرەخۆر و منداڵانی گچکەشی ئاسان کردووە. ئەگەر لە خێزانەکەتان یەکێک خێلە، یان ئاوی سپی یان ڕەشی زگماکی هەبووە لە منداڵی یان هەر نەخۆشییەکی دی مەترسیدار لەسەر چاو، یان منداڵەکەت ناکامە و بەر لە وادەی خۆی لە دایک بووە یان کێشی لەدایکبوونی کەمە یان دایکەکە توشی نەخۆشی بووە لە کاتی دووگیانی، پێویستە بە زووترین کات پزیشکی پسپۆڕی چاو منداڵەکەت بپشکنێت.

جگە لەمانە، وا باشە کە بەر لە چوونی منداڵ بۆ قوتابخانە لە تەمەنی ٤ بۆ ٥ ساڵی پشکنین بۆ بینین و چاوەکانی بکرێت تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش بە ڕواڵەت ئاسایی دیار بوو.




دەمێکە وا باوە کە خواردنی گێزەر تەندروستی چاو بەهێز دەکات و دیتن تیژ دەکات بە تایبەتی لە شەودا. هەرچەند ئەوە تا ڕادەیەک ڕاستە بەڵام چیرۆکی ئەو پێکەوە گرێدانەی گێزەر و چاو لە ئەفسانەیەکەوە هاتووە. لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، فڕۆکەوانەکانی چەکی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا دەستیانکرد بە بەکارهێنانی ڕادارێک بۆ نیشانەگرتن و خستنەخوارەەوەی فڕۆکەی دوژمن. تاکو نهێنی ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە بپارێزن، نیشانڕاستی فڕۆکەوانەکانیان – بە تایبەتی لە شەودا – بۆ زۆر خواردنی گێزەر دەگەڕاندەوە. ئەوەش بووە هۆی پڕوپاگەندەیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە سوودی گێزەر بۆ تیژکردنی دیتن. ئەم پێکەوە گرێدانە جوانکراوەی خواردنی گێزەر و بینینی باش لە شەودا تاکو ئێستاش هەر ماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەند گێزەر ئەو خۆراکە جادووییە نیە کە لە جەنگی جیهانی دووەم بازاڕی بۆ دەکرا، بەڵام گێزەر ڕێژەیەکی بەرز لە دژە ئۆکسانەکانی تێدایە کە بۆ تەندروستی چاو بەسوودن.

گێزەر سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی بێتاکارۆتین و لوتێئینە، ئەم دووە دژەئۆکسێنەرن کە ناهێڵن ڕەگە ئازادەکان زیان بە چاو بگەیەنن. ڕەگە ئازادەکان ئاوێتەی تایبەتن دەبنە هۆی پوکانەوەی خانەکان، پیربوونیان و نەخۆشی درێژخایەن دروست دەکەن، لە نێویاندا نەخۆشی چاو، کاتێک بڕەکانیان زیاد دەکات.

بێتاکاڕۆتین ڕەنگێکی سوور، پڕتەقاڵی و زەرد بە زۆر ڕووەک دەبەخشێت. گێزەری پڕتەقاڵی ڕێژەیەکی باش بێتاکاڕۆتینی تێدایە. لەشمان ئەو بێتاکاڕۆتینە دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین ئەی. کەمی ڤیتامین ئەی لەوانەیە ببێتە هۆی شەوکوێری. بەڵام بە چارەسەری خۆراکە تەواوکارەکان ئەم بارە چاک دەبێتەوە. ڤیتامین ئەی پێویستە بۆ دروستکردنی ڕۆدۆپسین، کە بۆیەیەکی ئەرخەوانی مەیلەو سورە و هەستیارە بە ڕوناکی لە ناو خانەکانی تۆڕەی چاو و یارمەتی بینینمان دەدات لە شەودا. کۆئەندامی هەرسمان بێتاکاڕۆتین لە گێزەری کوڵاو باشتر هەڵدەمژێت بۆ ناو خوێن وەک لە خواردنی گێزەری خاو. هەروەها، ڤیتامین ئەی لە چەوریدا دەتوێتەوە نەک ئاو، بۆیە خواردنی لەگەڵ ئەو سەرچاوانەدا کە چەورن هەڵمژینی ئاسانتر دەکات. لوتێئین لە گێزەری زەرددا زۆرە. ئەم دژە ئۆکسانە ناهێڵێت چاو توشی پوکانەوەی زەردەپەڵەی پەیوەست بە تەمەن بێت. لەم نەخۆشیەدا چاو وردە وردە چەقی بینین لەدەست دەدات لە ئەنجامی تەمەن. لوتێئین مادەیەکە سودەکەی لە دواخستن و پێشگیری ئەم نەخۆشیەدا سەلمێنراوە. ڤیتامین ئەی لە چەندین سەرچاوەی خۆراکی دیکەشدا هەیە وەک شیرەمەنی، پەنیر، جگەر و ماسی. بێتاکاڕۆتین لە برۆکۆلی، قەیسی، گندۆرە و کودیە زەردەشدا زۆرە.

کەواتە وەڵام: بەڵێ گێزەر بەسودە بۆ تەندروستی چاوەکان بەڵام ئەو دارعەسا جادوییەش نیە کە چاوت تیژ کات و هەموو گرفتەکانی چارەسەر بکات. ئەو ڤیتامینانەی لە گێزەردا هەن و بەسودن بۆ تەندروستی چاو سەرچاوەی دیشیان هەیە وەک شیرەمەنی، ماسی و جگەر و بێتاکاڕۆتین لە بڕۆکۆلی، قەیسی، گندۆرە، و کودی زەردیشدا هەیە.




ئەمڕۆ مۆبایل و تابلێت خەریکە دەبن بە بەشێکی جەستەمان. بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا ئەوە شتێکی هەڵەیە یان نا بابەتێکی دیکەیە بەڵام ئەمە وەکو دیاردە ڕوون و ئاشکرایە. کاتێک تەماشای مۆبایل یان تابلێت دەکەین، ئەوا چاومان لەسەر ئاستی بینینی نزیک چالاکە. لە کاتی تەماشاکردنی نزیکدا کرداری خۆگونجاندنی چاو (ئەکۆمۆدەیشن) کارا دەبێت. ئەم کردارەش پێویستی بە کرژبوونی ماسولکەکانی ناوچاو و دەوری چاوە. هەروەها چاوتروکاندن کەم دەبێتەوە لە کاتی تەرکیزکردن بە تایبەتی لە نزیک. هەروەها ڕوناکیەکی زۆر بەرچاومان دەکەوێت لە شاشەی مۆبیلەکەوە کە ئەوەش ماسولکەکانی ناوچاو زیاتر کرژ دەکات. جگە لە شێوازی دانیشتن و تەماشاکردن و خوارکردنەوەی چەناگە لە ئاستی ئاسایی. هەموو ئەمانە قورسایی زۆر دەخەنە سەر چاوەکانمان و شان و ملمان بە تایبەتی سەر ڕووی چاو کە هەمیشە پێویستی بە تەڕبوونە لە ڕێگەی چاوتروکاندنەوە؛ هەروەها لەسەر ماسولکەکانی چاو کە ناتوانن بە بەردەوام کرژ بن. بۆیە چاوەکانمان ئازار دەچێژن و ماندوو دەبن.

ئەمڕۆ ناوی کۆنیشانە(سیندرۆم)ێکی پێ بەخشراوە کاتێک چاوەکان لەو ڕێگەوە ماندوو یان کەشەنگ دەبن و ناتوانن لەگەڵ چالاکیەکانی تەماشاکردنی کەسەکەدا بۆ ماوەی زۆر هەڵبکەن. بەم کۆنیشانە-نەخۆشیە نوێیە دەگوترێت سیندرۆمی تەماشاکردنی کۆمپیوتەر یان کەشەنگبوونی دیجیتاڵی چاو. هەرچەند وای لێدێت کەسەکە بە دەست ئەو نەخۆشیە نوێیەوە هەراسان دەبێت و ڕەنگە لە چالاکی بکەوێت؛ وای لێبێت تەنانەت نەتوانێت لەبەر سەرئێشە و سوربوونەوە و برژانەوەی چاوەکان تەنانەت بۆ ماوەی پێنج خولەکیش تەماشای مۆبایل بکات بەڵام تەماشاکردنی مۆبایل لە گەوران واتە لە تەمەنی پاش هەرزەکاریەوە ئیدی نابێتە هۆی کزبوونی چاو.

بە پێچەوانەوە لە منداڵاندا و لەوانەی تەمەنی هەرزەکاریان تەواو نەکردووە، بەڵگە و داتای زانستی بە تەواوی ڕوونی کردووەتەوە کە تەماشاکردنی مۆبایل و تابلێت لەو تەمەنانەدا دەبێتە هۆی کزبوونی چاو؛ بە دیاریکراوی پەیدابوونی نزیکبینی. کەسی نزیکبین ناتوانێت بەبێ چاویلکە دوور ببینێت و نمرەیەکی کەم لێڵیەکی زۆر لە دوور پەیدا دەکات. زۆر گرنگە دایک و باب و قوتابخانەکان ئەو زانیاریە بزانن و هەوڵبدەن منداڵ و هەرزەکار کەمترین بەرخورد لەگەڵ مۆبایل و تابلێتدا بکەن. دەتوانن زیاتر سوود لە کۆمپیوتەری سەرمێز وەربگرن کە لە دووری مامناوەند دادەنرێت. پێویستە منداڵ تەنانەت یاریکردن و گەمەشی لە دەرەوە بێت تاکو هانی دیتنی نزیک و مامناوەند و دووریشی بدات.

کەواتە وەڵام: بەڵێ تەماشاکردنی مۆبایل لە لایەن منداڵەکەت دەبێتە هۆی کزبوونی چاوی کاتێک گەورە دەبێت. بەڵام بۆ خۆت هەرچەند چاوت کز نابێت بە تەماشاکردنی مۆبایل بەڵام توشی گرفت و هەراسانبوونی چاوەکان دەبیتەوە ئەگەر پشووی پێویست نەبەخشیت بە چاوەکانت.



ئەم دوو نەخۆشیە لە ناوەکانیانڕا وا دێتە خەیاڵمان کە زۆر لە یەک نزیک بن: لە ناوچاو ئاوێک پەیدا بێت؛ ئەگەر ڕەنگی ئاوەکە سپی بوو ئەوا پێی دەگوترێت ئاوی سپی و ئەگەر ڕەنگەکەی ڕەش بێت ئەوا پێی دەگوترێت ئاوی ڕەش! لە ڕاستیدا ئەم دوو نەخۆشیە وەک هۆکار و میکانیزمی توشبون هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نیە و لە هەردوو نەخۆشیشدا هیچ ئاوێک پەیدا نابێت نە بە ڕەنگی سپی و نە بە ڕەنگی ڕەش. ئەوە تەنها ناوەکانیانە کە وا دەکات ئێمە هەست بکەین ئەو دوو نەخۆشیە لێک نزیک بن. ئاوی سپی بریتییە لە وردە وردە سپی بوونی پڕۆتینی ناو ئەو فایبەرانە کە بێڕەنگن بۆ خۆیان و ناواخنی هاوێنە (عەدەسە)ی ناوچاو پێکدەهێنن. میکانیزمی ئەم سپیبوونە هەمان میکانیزمی سپیبوونی سپێنەی هێلکەیە لە کاتی کوڵاندندا. سپێنەی هێلکە بۆ خۆی بێڕەنگە؛ بەڵام بە کوڵاندن سپی دەبێت. پڕۆتینی ناو چاویش پاش ساڵانێکی تەمەن بە هۆی وزەی ئەو هەموو ڕوناکی و تیشکەی پێیدا تێپەڕیوە سپی دەبێت.

لەو لاوە ئاوی ڕەش بریتییە لە پوکانەوەی وردە وردە یان خێرای دەمارەخانەکانی بینین بە هۆی بەرزی فشاری ناوچاو. ئەگەر تۆپی یاری هەوای کەمبێت ئەوا فش دەبێتەوە؛ ئەگەر هەوای زۆربێت ڕەقدەبێت. تۆپی چاویش بە هەمان شێوەیە؛ تاکو پارێزگاری لە قەبارە و شێوەی بکات بەڵام بە ئاو نەک بە هەوا؛ فشاری ناوچاو بەردەوام لە نێوان ٩ بۆ ٢١ ملم جیوەیە. ئەگەر فشارەکە لەوە تێپەڕی ئەوا پێکهاتە زیندووەکانی ناوچاو دەکەونە ژێر فشار. دەمارەخانەکانی بینین (دەماری بینین) بە تایبەتی هەستیارن بە فشاری بەرز و ئەگەر کەوتە ژێر فشاری بەرز توشی پوکانەوە دەبێت. بەمە دەگوترێت ئاوی ڕەش. لە ناوچاو ئاوێک هەیە بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. واتە لە لایەکەوە بەردەوام دروست دەبێت و لە لایەکەوە بەردەوام لە چاو دەچێتە دەرەوە. هەر هۆکارێک وا بکات باڵانسی دروستبوون و دەرچون تێکبچێت ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری ناوچاو.

ئەدی بۆچی ئەم دوو نەخۆشیە ئەو ناوەیان هەیە؟

هەردوو نەخۆشی لە قۆناغە کۆتاییەکاندا واتە کاتێک ئاوی سپیەکە پڕبووە یان ئاوەڕەشەکە دەماری چاوی بە تەواوی پەکخستووە و لەناوبردووە، لەوانەیە وەک ئاوێکی سپی یان ڕەش لەناو چاو دەربکەون. لە ئاوی سپیدا، ڕەنگە سپیەکەی هاوێنەی چاو لە ناو بیلبیلەی چاوڕا دیارە. لە ئاوی ڕەشیشدا زۆر جار بە تایبەتی لە منداڵان فشاری ناوچاو دەبێتە هۆی دەرکەوتنی مەشیمەی پشت سپێنە. بەهۆی تەنکبوون و لێکڕاکشانی سپێنە، مەشیمە لەناو سپێنەڕا بەدیاردەکەوێت وەک ئەوە وایە سپێنەکە ڕەش بووبێت.



کاتێک پێت دەڵێن چاوت شەش لەسەر شەشە یان شەش لەسەر هەژدە یان کەمتر و یان زیاتر ئەوا تۆ پشکنینێکی چاوت بۆ ئەنجامدراوە کە تیژی دیتنت دەپێوێت. چاو چەندین پێوانەکردنی گرنگی هەیە. لە هەرە گرنگترینیان پێوانەکردنی تیژی، پێوانەکردنی گۆڕەپانی دیتن، دیتنی ڕەنگ و دیتنی قوڵی ڕەنگ (کۆنتراست)ن. کاتێک تیژی چاوت دەپێون، چارتێک لە دوورییەکی دیاریکراو دادەنێن کە یان پیتی ئی ئینگلیزی لەسەرە کە هەر یەکەی بە ئاراستەیەکە یان پیتی لاتینی یان وێنە بۆ منداڵان. ئەو پیت و وێنانە قەبارەیان وردە وردە بچووک دەبێتەوە. هەر قەبارەیەکی دیاریکراو لەسەر هێڵێکە و ئەو هێڵە ژمارەیەکی تایبەتی لە تەنیشت نووسراوە. ژمارەی یەکەم لە ئەنجامی پشکنینەکە (شەش) جێگیرە و بریتییە لەو دوورییەی کە چارتەکەی لێ داندراوە؛ واتە چارتەکە ٦ مەتر لە تۆوە دوورە؛ ژمارەی دووەم هەژدە بریتییە لە دوایین قەبارەی پیتەکان کە تۆ توانیوتە بیبینی. واتە تۆ هەتا قەبارەی هەژدەت بینیوە نەتتوانیوە قەبارە بچوکترەکانی ١٢ و ٩ و ٦ ببینیت. ئەو قەبارەی هەژدەش مانای وایە کە کەسێک تیژی چاوی ئاسایی بێت دەتوانێت نەک لە شەش مەترڕا بەڵکو لە هەژدە مەترڕا ئەو قەبارەیە ببینێت. واتا چارتی پشکنینی تیژی دیتن ناڕاستەوخۆ چاوی تۆ بەراورد دەکات بە چاوێکی ئاسایی شەش لەسەر شەش. کاتێک تۆ ئەنجامەکەت شەش لەسەر هەژدە بووە، واتا تۆ لە شەش مەتر دووری توانیوتە قەبارەیەک لێک جودا کەیتەوە کە کەسێکی ئاسایی نەک لە شەش بەڵکو لە هەژدە مەترڕا دەتوانێت لێکی جودا بکاتەوە.